بوون‌و هه‌ویه‌و ئومێد
له وه‌تی هه‌ستم به تۆ كردووه، تۆی كورد، تۆی مرۆڤ، تۆی ژێرده‌ست، تۆیه‌كی ماندوو كه‌ساس، تۆیه‌كی خه‌ون زل، له كۆمه‌ڵێك وێنه‌دا به دیت ده‌كه‌م، هه‌موو وێنه‌كانیشت ئاڵۆز‌و لێڵن به‌ڵام هه‌رگیز له ته‌ماشاكردنیان تێر نابم. به‌ڵێ كۆمه‌ڵێك وێنه، وێنه‌ی جه‌نگاوه‌رێكی نه‌به‌رد، وێنه‌ی ڕۆشنبیرێكی زیره‌ك، وێنه‌ی كرێكارێكی دڵسۆز، وێنه‌ی جوتیارێكی ماندوونه‌ناس، وێنه‌ی گه‌ڕیده‌یه‌كی كۆڵنه‌ده‌ر، وێنه‌ی سیاسه‌توانێكی قسه‌زان، وێنه‌ی دیندارێكی خواویست، وێنه‌ی ئازادیخوازێكی مرۆڤپه‌روه‌ر. ئه‌م وێنانه‌م هه‌موو بینین. وێنه‌ی بێوێنه بوون، وێنه‌یه‌ك بوون ته‌نها خۆم ده‌مبینین‌و ده‌یانبینم، ته‌نها خۆم گۆرانیان بۆ ده‌ڵێم‌و ده‌یانلاوێنمه‌وه. ته‌نها خۆم ده‌یانخه‌مه ناو ئه‌لبووم‌و له ناو كتێبخانه‌كه‌م شوێنی تایبه‌تیان بۆ ده‌كه‌مه‌وه، ته‌نها خۆم ماچیان ده‌كه‌م‌و له باوه‌شیان ده‌گرم. ته‌نها خۆم شانازیان پێوه ده‌كه‌م‌و باسیان ده‌كه‌م. ته‌نها خۆم ده‌زانم هه‌ن‌و له كوێ دامناون.
كه به سه‌ر ماڵه‌كه‌میان دادا، هه‌ر زوو بیرم بۆ وێنه‌كان چوو. شێوه‌ی دانانیان له ناو كتێبخانه‌دا هه‌ر له كتێب ده‌چوو. ئه‌گه‌ر ده‌ستیان لێ نه‌درێ نازانرێ داخۆ كتێبن یا ئه‌لبووم. زۆر له‌و شێوه دانانه په‌شیمان بوومه‌وه. هه‌ر له دڵی خۆمدا ده‌مگووت كێ ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر وه‌كو كتێب دامنه‌نابان ده‌دۆزرانه‌وه؟ چونكه ئه‌وان هه‌ر له كتێب ده‌گه‌ڕێن، گومانم نه‌ما كه ده‌یاندۆزنه‌وه. پێ به پۆستاڵه‌كان به پاڵدانێكی منی كه‌نه‌فت‌و ماندوو عاشقی وێنه‌كان ڕێگای چوونه ژووره‌وه‌یان واری كردوو به شه‌په شه‌پ هه‌ڵیان كوتایه ژووره‌وه. مافوورو دووگورده به نوێژه‌كانیان هه‌موو بێ نوێژ كردن. به قۆنداغه تفه‌نگه‌كانیان هه‌موو شته ساغه‌كانیان ده‌شكاند. به ده‌ستی پیس‌و دڵی ڕه‌شیان گومانیان له هه‌موو شتێك ده‌كرد، له گه‌ڵ بچووكترین گوماندا هه‌ر شتێك له پێوه بوایه تێك‌و پێكیان ده‌شكاند، هه‌موو شته‌كان ده‌بوایه بپوكێنه‌وه. كه مناڵی سه‌ر لانكه‌كه له چریكه‌ی ده‌داو به ترسێكی زۆره‌وه چاوی ده‌بڕیه ئه‌و ده‌موچاوه نه‌دیوو نه‌ناس‌و نامۆیانه چریكه‌ی گه‌وره‌ترو به ترس تر ده‌كرد، بۆیه چاوم لێ‌بوو كه سه‌ربازه‌كه ده‌ستی ڕه‌شی ده‌نایه سه‌ر ده‌می‌و ده‌یوست بێ ده‌نگی بكات. نوێنه‌كانیان په‌رت‌و بڵاوه پێكرد، منیش ته‌نها پاڕانه‌وه‌ی ئه‌وه‌م بوو نه‌چنه ژووری سه‌ره‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه فه‌رمانی ده‌رده‌كردن بۆخۆی دوو سه‌ربازی لێوڕه‌شی ددانسپی چاوزه‌قی بانگ كردن، به دوای خۆی دان بۆ ئه‌وێ، بۆ ژووری حه‌ڕام. ژووری وێنه‌كان، ئه‌و وێنانه‌ی كه خۆیشیان وه‌كو وێنه نایانناسن. ئه‌وان له وێنه ناترسن، ئه‌وان له ئاشكرابوونیان ده‌ترسن. له به‌رز فڕینیان ده‌ترسن. له شه‌رعیه‌تیان ده‌ترسن. كتێب كتێب هه‌ڵی ده‌گرتن‌و ته‌ماشای ده‌كردن. دوای تێڕامانێكی ورد به‌سه‌ر شانی خۆیدا هه‌ڵی ده‌دان‌و ئاودیوی ده‌كردن. ده‌مبینین چۆن ده‌كه‌و‌تنه سه‌ر زه‌وی. هه‌ندێكیان سه‌روسه‌ر ده‌كه‌و‌تن‌و ده‌نگی ته‌قینی جومگه‌كانی بڕبڕه‌ی پشتیان ده‌هات. هه‌ندێكیان به‌سه‌ر ده‌مدا ده‌كه‌و‌تن‌و، نقه‌یان لێوه نه‌ده‌هات. هه‌ندێكیشیان ده‌چه‌قین‌و قیت‌و قیت له‌سه‌ر پێ ده‌وه‌ستان، به‌ڵام ئه‌و سه‌ربازه‌ی له دواوه چاودێری ئه‌وانی دی ده‌كرد به سه‌ره پێنێك به‌سه‌ر ده‌میدا ده‌خستنه‌وه. ئه‌وێ پڕببوو له ناڵه‌و هاواریان، من زۆر ئاگام له بێ حورمه‌تكردنیان نه‌بوو، له‌به‌ر بیركردنه‌وه له وێنه‌كان، خۆزگه‌ی ئه‌وه‌م ده‌خواست سڕه‌یان نه‌گاتێ‌و هه‌ر به نه‌ناسراوی بمێننه‌وه. چونكه له‌وه ده‌ترسام ئه‌گه‌ر ئاشكراش ببن كه‌س ئاوڕ له بێ حورمه‌تبوونیان نه‌داته‌وه. سره‌ی یه‌كه‌م ئه‌لبووم هات‌و یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی خسته ناو په‌نجه‌كانی‌و به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی پڕ له قین‌و به تیله‌چاوێكی پڕ له هه‌ڕه‌شه ته‌ماشایه‌كی كردم. به خێرایی ئه‌وانی تریشی خستنه سه‌ر ده‌ستی‌و هیچیانی فڕێ نه‌دا. چاوه‌ڕێی كاردانه‌وه‌یه‌كی پڕ مه‌ترسیم ده‌كرد. دڵم به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش لێی ده‌داو ده‌مه‌ویست خۆم ئارام بكه‌مه‌وه نه‌بادا گوێی له ته‌په‌ی دڵم بێت‌و وا هه‌ست بكات ده‌ترسێم. قوڕگم هێنده وشك بووبوو تفم بۆ قووت نه‌ده‌درایه‌وه. ئه‌لبومه‌كانی دایه ده‌ست یارمه‌تی ده‌ره‌كه‌ی‌و ده‌یویست ده‌ست بۆ چاوه‌ی سه‌ره‌وه‌ی دۆڵابه‌كه ببات به‌ڵام ده‌ستی پێنه‌ده‌گه‌یشت. بۆیه هه‌ر خێرا هه‌ندێ كتێبی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر یه‌ك كۆكودنه‌وه‌و به پۆستاڵه چڵكناویه‌كه‌ی چووه سه‌ریان‌و ته‌ماشای كتێبه‌كانی تری ده‌كرد. چیڕه‌ی پشتم ده‌هات، تا ده‌هات هه‌ناسه‌م زیاتر سوار ده‌بوو. هه‌موو قوڕساییه‌كه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر پشتی من بوو. كتێبی شه‌ڕه‌فخانم ده‌دیت ڕاسته‌وخۆ له ژێر پۆستاڵه‌كه‌یدا نقه‌ی ده‌هات. له‌و چركه‌ساته‌دا هه‌موو شه‌ڕه ناوخۆییه‌كانی ڕاده‌گرتن‌و هه‌موو هێزیان كۆده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی ئه‌و قورساییه نامۆیه بگرن. هاواری هه‌مبانه بۆرینه په‌رده‌ی گوێی ده‌ته‌قاندم، سه‌رسامی گرتبوومی كه ئه‌وان گوێیان له‌و هاواره پڕ چریكه‌یه نه‌ده‌بوو. له ژێر شه‌ڕه‌فنامه‌دا ده‌مووچاوی سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو، شه‌ڕه‌فنامه‌ش پێی ده‌گووت هاوار مه‌كه ئه‌ی ئه‌وه نیه نایه‌ڵم گراناییه‌كه زۆر بكه‌وێته سه‌ر تۆ. تۆزێ ئارام بگره هیچمان لێ نایێ. به‌ڵام له ژێره‌وه‌ی ئه‌وانیش مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیم ده‌بینی چاوی پڕبوون له فرمێسك‌و شێخ ڕه‌زا جوێنی ده‌دان، گۆرانیش زه‌می ماككارتی ده‌كرد‌و قانیعیش په‌یمانی سه‌عدئابادی بۆ شه‌ڕه‌فخان باس ده‌كرد، ناڵیش ده‌بوو به به‌رق‌و هه‌ڕه‌شه‌ی له ناحه‌زان ده‌كرد، حاجیش له ناو وه‌سفدا نقوم ده‌بوو خان‌یش نامه‌ی تازه ڕێككه‌وتنێكی تری بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی زین‌و مه‌م داده‌ڕشت. (احیا‌ء علوم ا‌لدین)یشم بینی له ژێری ژێره‌وه بوو كوردی ده‌خستنه ڕێزی گێل‌و وێل‌و بێ ماریفه‌ت‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه نه ئه‌قڵیان هه‌یه‌و نه گه‌وره‌ییشیان تیادایه. ( ڕوح البیان)ی (البرسوی)یشم بینی باسی مناڵه‌كانی ئه‌و جنۆكانه‌ی بۆ شه‌ڕه‌فخان ده‌گێڕایه‌وه كه چۆن له بارودۆخێكی نائاسایی‌و سه‌رماوسۆڵه‌ی زستاندا له ناوچه‌یه‌كی شاخاویدا له دایك بوون، گله‌یی ئه‌وه‌ی لێده‌كرد كه ئه‌و ڕاستیه‌ی له شه‌ڕه‌فنامه‌دا نه‌نوسیوه‌ته‌وه. له ناو هه‌ناوی ئه‌و ڕوداوانه‌دا ده‌كوڵام. له‌سه‌رگه‌رمی ئه‌و گفتوگۆیانه‌دا خۆم له‌بیر چووبووه‌وه. له‌گه‌ڵ ( ولك تعال)دا ڕاچڵه‌كیم‌و بینیم دار حه‌یزه‌رانه‌كه‌ی به ده‌ستێك له لاته‌نیشتی لاقه‌كه‌ی ده‌دات‌و گوتی (ها كاكه كل الصور عندی، لگیتهم كلهم.. كل تعبك راح هدر.. هناك صورة واحدة بقیناها الك، تگدر تتمتع بها بقیة حیاتك) بێده‌نگ بووم‌و نقه‌م لێوه نه‌هات. دیسان گوتی( ولك تعال جیب هویتك) گوتم: هه‌ویه‌م نیه، هه‌موویانت برد. له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌م دایه قاقای پێكه‌نین‌و گوتی(جماعة سامعین؟ راح ناخذهم) له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه زلانه‌ی، له‌سه‌ر كتێبه‌كان هاته خواره‌وه‌و به‌ره‌و لای من هات، بۆ ماوه‌یه‌ك له نێو چاوه‌كانی منی ده‌ڕوانی، هه‌موو لایه‌ك ته‌ماشای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌ویان ده‌كرد، ده‌تگووت چاوه‌ڕێی شتێكیان ده‌كرد، چاوه‌ڕێی ڕووداوێكیان ده‌كرد، له ناڵه‌ی كتێبه‌كان‌و بێده‌نگی وێنه‌كان به‌ده‌ر هیچی ترم نه‌ده‌بیست. به لموزێكی به‌رزه‌وه گووتی (راح ناخذهم) ڕووی كرده پیاوه‌كانی‌و گووتی (یلا رجالة تحركو) هه‌موویان به خێرایی بروسكه‌و هه‌ر‌یه‌ك به لایه‌ك‌دا بۆی ده‌رچوو. له ناو ئه‌و وێرانكاریه‌دا داحه‌په‌سابووم. كه سه‌رم به‌رز كرده‌وه له مێژ بوو لاپه‌ڕه‌یه‌كم له پشت كتێبه‌كان هه‌ڵواسیبوو، له كۆنی‌دا ڕووزه‌رد بووبوو. نوسینه‌كه‌ی زۆر به زه‌حمه‌ت دیاربوو، كه لێی نزیك بوومه‌وه، له ژێره‌وه وشه‌ی دڵدارم بینی، كه زیاتر چوومه پێش باشتر توانیم بخوێنمه‌وه. كه گوێم ڕاگرتن، سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب به ئاوازێكی كزوو داماو له گوێچكه‌م‌دا ده‌زرنگایه‌وه. له مه‌ستی ئه‌و ئاوازه نه‌مره‌دا قسه‌ی ئه‌و تاوانباره‌م هاته‌وه بیر (هناك صوره واحدة بقیناها الك، تگدرتتمتع بها بقیة حیاتك) كه بۆ لای شوێنی به‌تاڵی كتێبه‌كان چووم ، یه‌ك وێنه له‌وێ به ته‌نیا مابوو ئه‌ویش وێنه‌ی لادێییه‌ك بوو، له‌ناو كه‌لا‌وه‌كه‌یدا له‌سه‌ر چۆك دانیشتبوو ده‌ستی خستبووه ژێر چه‌ناگه‌یی‌و ڕووی له هه‌موو ئه‌و خانوانه بوو كه خاپوور ببوون‌و به‌سه‌ر یه‌ك‌دا ڕمابوون.
راى خوت بنووسه
كه ده‌یانه‌وێ بۆ دوێنێ بژین...
بوویت، هاتی‌و گه‌ڕایته‌وه. مژده‌ی بوونت گۆێچكه‌ی نه‌هه‌نگه‌كانی ده‌ریاكانیشی كاس كردبوو. له‌و ده‌مانه‌دا ئاسمان خه‌وتبوو، نه چریكه‌ی شانه‌شینه‌كان‌و نه‌ناڵه‌ی كۆیله‌و نه چیڕه‌ی ده‌رگا پیرۆزه‌كان، هیچ ته‌وژمێكی ده‌ریا نزیكه‌كانیش نه‌یانده‌توانی به‌ری گۆڕانه‌كان بگرن. ئه‌و هه‌موو بومه‌له‌رزانه ئاسمانیان هوشیار نه‌ده‌كرده‌وه، تا قوته شیره حه‌ڵاڵه‌كان توانیان گوانی وشتره له‌ڕولاوازه‌كان‌و مانگا فه‌ڕه‌نگیه‌كان هه‌ڵبدڕن‌و بیابان نقوم بكه‌ن له شیر، شیری خاو، شیری ئه‌و سه‌دان ساڵه‌ی كه له سینه‌كان‌دا په‌نگی خواردبوو چاوه‌ڕێی شكانی له‌مپه‌ره‌كان بوو. بوونت له‌حزه‌یه‌كی سامناك‌و به‌ئاگا بوو. وامان ده‌زانی غوباری به‌ری پێی ئه‌سپه‌كانت هێنده به‌هێزو ئاڵۆز نابێ تا بگاته ده‌ڤه‌ری ئێمه‌ش‌و له‌وه‌ڕگاكانمان سیس‌و كز بكات‌و بێ پاوان بیانهێڵێته‌وه. پێڵاوی پیرۆزتان مژده‌ی شكانی كوته‌كه زۆر له‌مێژ نه‌شكاوه‌كانی به هه‌موو گه‌رووبه‌نه دوور‌و نزیكه‌كان ڕاده‌گه‌یاند‌و هه‌موو په‌یكه‌ره داتاشراوه‌كان ئارامیان له‌به‌ر هه‌ڵده‌گیراو بانگی ئاسمانیان ده‌كرد. به‌ڵام ئاسمان هه‌ر خه‌وتبوو. هاتیت‌و پیرۆزیت لێ ده‌چۆڕایه‌وه. بۆیه هه‌رچی نه‌ده‌بوو به به‌رده بازو شانی نه‌ده‌چه‌مانده‌وه بۆ پیرۆزبوون شاگه‌شكه نه‌ده‌بوو به پێ‌وقدومت، بێبه‌ش ده‌بوو له پیرۆزی، ئه‌وه‌ش بێبه‌ش بووبایه له پیرۆزی هه‌مدیسان بێبه‌ش ده‌بوو له هه‌موو ئه‌و شیره‌ی كه شیره پیرۆزه‌كان باراندبوویان.
كه هاتیت ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئاسمان پرخه‌مان ده‌هات‌و له پیرۆزیه‌كانی خۆماندا مه‌له‌وانیمان ده‌كرد، زه‌مه‌نێك بوو هی ئه‌وان، هی ئێوه‌ش، ته‌نها هی ئێمه نه‌بێ. ئێمه خه‌ومان خۆش بوو له‌گه‌ڵ ئاسمان ده‌ست له‌ملان بووین. له ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن چێژمان له بێئاگایی خۆمان ده‌بینی. چاوه‌ڕێی ئاسمانمان ده‌كرد به ئاگا بێته‌وه‌و بارانمان بۆ بنێرێ. لێ ئێوه شیرتان نارد، ئه‌وه‌نیه تا ئه‌و ساته‌ش به‌ردی له‌تكراوی شاخ ئامێز شایه‌تمانی هاتنی ئێوه‌ن‌و هه‌ڵپه‌ی شیر تابلۆی ڕازاوه‌ی شێوه بیابانی بۆ نه‌خشاندووین‌و تا ئه‌و ساته‌ش پێمان ده‌ڵێن ئێمه لێره‌ین، ئێمه پیرۆزی سه‌دان ساڵه‌ی پشت شكێنی له‌مپه‌ره‌كانین‌و به‌رده‌وامبوونمان نیشانه‌ی به‌رده‌وامبوونی پیرۆزیمانه. له‌و ساته ئاڵۆز‌و نادیارانه‌دا بوو كه پیرۆزی ئێمه ده‌كه‌وته په‌له‌قاژێ‌و وه‌كو چۆن نوسینی سه‌ر لمی لێواری ده‌ریاكان له‌گه‌ڵ هه‌ر شه‌پۆڵێكی گه‌وره یا بچوك تێك ده‌شكێت‌و ئێواش ئێواش شوێنه‌واری زه‌وق‌و ڕه‌وقی شه‌پۆڵه‌كان جێ‌ی به وشه خه‌وتووه بێ ئاگاكانی ئێمه چۆڵ ده‌كردوو ئاسمانیش تا هه‌نووكه هه‌ر ده‌ست له‌ملانی شاخه‌كانی ئێمه ده‌بوو بێ ئاگا له وه‌رینی ئه‌و هه‌موو گوڵه ڕازاوانه‌ی له‌سه‌روكانیه ئاوه سازگاره‌كانی باوه‌شی چیاكان له تێنوان وشك ده‌بوون‌و پیرۆزی تۆش قاقای پێكه‌نینی ده‌بوو. كه پێشوازی هاتنی شه‌پۆڵه شیره‌كانی به ئاگای ئێوه‌مان ده‌كرد بۆ ئه‌وه نه‌بوو ئاوه سازگاره‌كانمان له بێتامی‌دا نقوم ببن. بۆ ئه‌وه نه‌بوو گونده‌كانمان شینی دابڕان له كوێستانه‌كان بگێڕن‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێوی تڕاویلكه له بن نه‌هاتوه‌كانی بیابانیان به‌سه‌ردا ببارێنرێ. بۆ ئه‌وه نه‌بوو گۆزه شیره بنشكاوه‌كان بدرێنه ده‌ستی نه‌خوێنده‌واره‌كانی چیا نشین بۆ خنكاندنی هه‌موو ئه‌و ئه‌لف‌و بێ كۆنانه‌ی كه تا ئه‌و ساته وه‌خته‌ش پیرۆزیان لێ سه‌نراوه‌ته‌وه‌و ته‌نها بۆ ئاسمانه خه‌وتووه‌كان ده‌خوێنرێنه‌وه. بوون تا بیابانتان پڕ كرد له شیر، لێ بوونی ئێوه ئه‌وه‌نده فراوان بوو جێگای مانی چیاكانی وه‌ته‌نگ هێنا. پیرۆز بوون، لێ مافی پیرۆزیتان له هه‌موو ئه‌و كێلانه سه‌نده‌وه كه ده‌یانویست ببن به سه‌رینگانه‌ی قه‌برستانه پیرۆزی لێ سه‌نراوه‌كان.
بوون به ڕووح، لێ ڕوحێك ته‌نها بۆ جوڵاندنی بازنده‌كان بشێت، شیره‌كان بوه‌شێنن‌و تێنوێتی بیابان بشكێنن. هێنده‌ی مه‌ستی خوێنی ڕژاو له‌گه‌ڵ گۆزه شیره بنشكاوه‌كان تێكه‌ڵ ده‌بوو، بێئاگایی منیش گه‌وره‌تر ده‌بوو. بۆ ئه‌وه هاتم منیش ببم، لێ ته‌نها له ناو هه‌ناوی خۆت‌دا جێگات بۆ كردمه‌وه. بۆ ئه‌وه هاتم تۆش ببیت، به‌ڵام پیرۆزی منت پێشێل كرد. كه هاتیته‌وه‌ش له‌هه‌مان ئه‌و چركه ساتانه‌دا بوو كه ئاسمان هێشتا هه‌ر له پرخه‌ی خه‌و دایه‌و ئاگای له پاڕانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌مو چیایانه نیه كه وه‌خته سه‌ری بڵندیان زه‌وی لاسه‌نگ بكات‌و هه‌ر ناشبینرێن. تۆ هاتیته‌وه‌و به هه‌مان ڕه‌نگ‌و ڕووی جاران به هه‌مان شیری جاران به هه‌مان پیرۆزی جاران به هه‌مان خه‌یاڵی جاران، به‌ڵام داخه‌كه‌م كه جاران له ناو هه‌ناوی خۆت‌دا جێگات ده‌كردمه‌وه هه‌نوكه ئه‌وێشم پێ ڕه‌وا نابینی‌و ئاسمانیش هه‌ر بێ ده‌نگه‌و له خه‌وی بێئاگایی بێ‌دار نابێته‌وه. هاتنه‌وه‌ی تۆ ئه‌و جاره هه‌موو ڕه‌نگ‌و ڕوخساره‌كان ده‌شێوێنێ‌و جێ به هه‌موو جوانیه‌كان له‌ق ده‌كات. هاتنه‌وه‌ت مانای له هه‌موو بوونه‌كان سه‌ندۆته‌وه‌و بوونی خۆشت بۆ ئه‌و بێ ماناییه نقومی فرمێسك ده‌كه‌ی.
هاتیته‌وه‌و باوه‌شێك حه‌رامیت پێیه، باوه‌شێك خوێن‌و دونیایه‌ك بێ مانایی. هاتیته‌وه به ده‌م‌و چاوێكی خه‌واڵۆو له تاریكی بیابان به‌ولاوه هیچی تر گومان نابه‌ی. جاران ده‌تگوت به‌زه‌ییمه‌و شیرم بهرداوهتهوهو بۆ مێرگ‌و چیمه‌نه‌كان باریوم، ئه‌مڕۆش ڕقی ڕه‌شی‌و شیرت بهرداوهتهوهو نه‌فره‌ت له‌هه‌موو جوانیه‌كان ده‌كه‌یت. تۆی دوێنێ‌و تۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشتتان جیاوازه ئه‌ویش ته‌نها مانایه.
راى خوت بنووسه