دێمه‌وه سه‌ر ڕۆژانی خوێندنی سه‌ره‌تایی، ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه هه‌رگیز ناكرێ له‌بیرم بچنه‌وه. ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه تێكهه‌ڵن به تاڵی‌و خۆشی، ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه بوون به بناغه بۆ داهاتووی ژیانمان. زۆر جار له خۆم ده‌پرسم ئه‌گه‌ر بهاتبایه ئه‌و ڕۆژانه له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی دروست‌و زانستیانه چنرابان بۆ ئه‌و هێنده مناڵه‌ی كه له‌و قه‌دپاڵه ڕازاوه‌یه‌ی حه‌سارڕۆست ده‌رفه‌تیان بۆ ڕێككه‌وت بچنه به‌ر خوێندن ئه‌وا داهاتووی به‌رزترو له‌بارتریان لێ ڕه‌چاو ده‌كرا. لاتان سه‌یر نه‌بێ ئه‌گه‌ر بڵێم زۆربه‌ی ئه‌و خوێندكارانه‌ی ساڵی یه‌كه‌م‌و دوه‌می ده‌سپێكی ئه‌و قوتابخانه‌یه به ئه‌نجامی باش گه‌یشتن، له‌وانه: 5 مامۆستا، سێ خوێندكاری كوڕ‌و دووی كچ. دوو پارێزه‌ر. دوو ئابووری ناس. له‌گه‌ڵ دوو یارمه‌تیده‌ری پزیشكی، زۆربه‌ی ئه‌وانی تریش ئاماده‌ییان ته‌واو كرد. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو ئه‌وانه به ناخۆشترین بارودۆخ‌دا تێپه‌ڕین، هه‌ر له گیروگرفتی شۆڕشی حه‌فتاوچوارو ده‌ربه‌ده‌ربوونی هه‌ندێكیان‌و تێكدان‌و وێران كردن‌و سووتاندنی هه‌موو ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌و كۆكردنه‌وه‌یان له ئۆردووگای زۆره‌ملێ، وێڕای هه‌موو ئه‌و ئه‌سته‌نگانه‌ی كه هه‌ر خوێندكارێكی كورد ڕووبه‌ڕوویان ده‌بۆوه، هه‌ر له به‌به‌عسی كردن‌و ناچاركردن بۆ سوپای نا میللی‌و هه‌ڵس‌و كه‌وتی نالایه‌قی هه‌ندێ له مامۆستا "به تایبه‌تی به‌عسیه‌كان" له‌گه‌ڵ خوێندكاران‌دا.
بیره‌وه‌ریێكی ناخۆشی تری ئه‌و ڕۆژه سه‌ختانه‌ی قۆناغی سه‌ره‌تاییم ئه‌وه‌بوو:
تازه مامۆستایێكی كورته باڵای ئینگلیزیمان بۆ هاتبوو ناوی ( هه‌رگیز له بیرم ناچێته‌وه) بوو، ده‌یانگووت ئه‌و مامۆستایه ڕه‌سمیی نیه، واته ته‌نها بۆ سه‌عاتی ده‌رسگووتنه‌وه پاره‌ی وه‌رده‌گرت، ڕۆژێكیان كولیپانه به‌فر ده‌باری، سه‌رمایێكی زۆر سه‌خت بوو، ته‌موومژ هه‌موو ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ته‌نگه‌تاو كردبوو، ده‌رسی یه‌كه‌م ئیملای ئینگلیزیمان هه‌بوو، تازه دێڕێكی بۆ خوێندبووینه‌وه كه خوێندكارێكی نه‌گبه‌ت هاته ژووره‌وه، ده ده‌قه دوا كه‌و‌تبوو كه‌ده‌داریشی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌هێنابوو، ئیتر مامۆستای كه‌لله‌بۆر بێ ئه‌وه‌ی بزانێ مه‌سه‌له چیه به شاپ‌و شوللاق خوێندكاری كرده ده‌ره‌وه‌و به توڕه‌یی ده‌رگای پێوه‌دا، له‌و ده‌مانه‌ش عوسمان خه‌ریكی منگه منگێك بوو ڕووی له‌من كردبوو، ئێستاش نازانم چی گووت‌و چی ده‌ویست. مامۆستا ئاگای لێ‌بوو.
به من‌و عوسمانی گووت: وه‌رنه ده‌ره‌وه، ئێمه‌ش هه‌ڵساین به‌ره‌و لای ئه‌و ڕۆیشتین، دارێكی هه‌ناری له‌ده‌ست بوو ده‌تگووت جه‌للاده ڕایده‌وه‌شاندو له‌به‌ر ده‌ستی خۆی ده‌دایه‌وه.
گوتی: پێم بڵێن چیتان ده‌گووت؟
منیش گوتم هیچمان نه‌گوتوو‌ه!
عوسمانیش گووتی: نا من گووتم گوناهه، له‌سه‌ر كه‌ده‌دار ئاوا شاپ له‌و به‌سته‌زمانه بده‌یت‌و بێبه‌شی بكه‌ی له‌ده‌رس.
ڕووی له من كرده‌وه‌و گووتی: وابوو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گووت.
گوتم: من گوێم له‌و هێنده‌ش نه‌بوو.
ئیتر چاوی تاریك بوون‌و به‌ڕێز ڕایگرتین، هه‌ر دارێكی له به‌ری ده‌ستی من ده‌داو یه‌كێكیش له‌به‌ری ده‌ستی عوسمان، تا هه‌ر یه‌كه‌مان 19 داری به‌و سه‌رمایه‌و به‌و دار هه‌ناره ته‌ڕو شلكه له به‌ری ده‌ستی ناسكی ئێمه ترۆقاند. خوێن له‌ژێر نینۆكمان ده‌رده‌چوو یه‌ك به‌خۆمان هاوارمان ده‌كرد، یه‌ك خوێندكار نه‌یده‌وێرا بڵێ له‌ل، ماوه‌ی چاره‌گێك ئه‌و به‌زمه‌ی به ئێمه ده‌كرد، نه یه‌كێك له‌و مامۆستایانه‌ی پۆله‌كانی تر‌و نه به‌ڕێوه‌به‌ریش به دوای سه‌رو شوێنی ئه‌و هاوارهاواره‌دا نه‌هاتن تا دوا جار به‌وه‌نده‌ش نه‌وه‌ستا، به‌زلله‌و شوللاق‌و سه‌ره‌پێن فڕێی داین تا ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی مه‌كته‌بی بردین‌و به پاڵ نان گوتی: تا باوكیشتان نه‌هێنن نه‌یه‌نه‌وه بۆ مه‌كته‌ب، هه‌ڵبه‌ت ده‌م به جوێن‌و فه‌زاحه‌تیشه‌وه. ئێستاش سه‌یرم لێ دێ، ئه‌و قوتابخانه‌یه له‌و سات‌و كاتانه‌دا بۆ هێنده كش‌و مات بوو، له به‌ختی ڕه‌شی ئێمه فه‌ڕاشه‌كه‌شمان دیار نه‌بوو ئه‌گینا ئه‌و زۆر جار فریامان ده‌كه‌وت، ئێمه‌ی مناڵ‌و قه‌هر خواردوش وا‌مان ده‌زانی تاوانبارین، مامۆستا پیرۆزه‌و نابێ قسه‌ی له قسه بكرێ ، وام ده‌زانی تاوانێكی گه‌وره‌مان كردووه بۆیه ئاوا سزا دراوین، له‌به‌ر ئه‌وه ترسی باوكیشم هه‌بوو سزایێكی ترم بدا. ئیتر له ناو ئه‌و به‌فره كه‌وتبوین. كورد گۆته‌نی ده‌تگووت كافرستانه.
به‌ڵام خوێندكاره‌كه‌ی تر شوێنه‌واری نه‌مابوو.
ده‌زانن دوایی گووتیان ئه‌و نامامۆستایه جاسووسی به‌عس بوو، لاسلكی لێ ئاشكرابووبوو شۆڕش گرتبووی، به‌ڵام نازانم چی لێ به‌سه‌رهات.
ئێستاش دیمه‌نی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌م هه‌ر به چۆڵه‌وانی دێته به‌ر چاوو سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ناخۆشیانه‌ش پڕ به دڵ سۆزم بۆی ده‌جوڵێت، لێ داخه‌كه‌م ئاساری له‌سه‌ر پاساری نه‌ماوه. ته‌نانه‌ت گوێزه پان‌و به‌رین‌و به‌رزوو سه‌ركه‌ڵ نادیاره‌كانیش كه‌و‌تنه به‌ر نه‌فره‌تی ڕق‌و قینی داگیركه‌ر. قه‌برستانه‌كه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ش، قه‌برستانی (حاجیلان) شوێنه‌واری نه‌ماوه، چونكه ئه‌وانیش شاهیدی هه‌موو ئه‌و ڕوودا‌وانه بوون.
راى خوت بنووسه
كه‌ده دار
تا ده‌گه‌یشتینه مه‌كته‌ب ده‌ست‌و په‌نجه‌مان سڕبردی ده‌بوون، هه‌نده‌ك جاران ته‌ژی قوڕگمان گریان ده‌بوو تا ماوه‌یك توانای ئاخافتنمان نه‌ده‌بوو. ده‌بوا به‌ده‌ستێك كه‌ده‌دارمان له‌ده‌ست بگرتبایه‌و به‌ده‌سته‌كه‌ی تریش جانتا.
زستانان ڕێگای قوتابخانه زۆر سه‌خت بوو، زۆربه‌ی جاران به‌فرو كڕێوه كاری خۆی ده‌كرد. ئه‌و شوێنانه‌ی ڕوو له با ده‌بوون دوو تا سێ قات به‌فری زیاتر تێ ده‌كرد، هه‌ندێ جاریش ته‌م‌و مژێكی ئه‌نگوسته‌چاو ده‌بوو زیاتر له چه‌ند مه‌ترێك به‌ر پێی خۆت نه‌ده‌بینی. له‌نێو بارستاییه‌كانی به‌فر‌دا هه‌ندێجار ته‌نها سه‌ركم له ده‌ره‌وه ده‌بوو هه‌ندێ جاریش بارستاییه‌كه له به‌ژنی پیاو به‌رزتر ده‌بوو به‌تایبه‌تی ئه‌و شوێنانه‌ی كه با ده‌یگرته‌وه، ئه‌و جۆره ڕێگایه بۆ خوێندكارێكی سه‌ره‌تایی ئه‌سته‌م بوو.
وه‌كو گوتم تا ده‌گه‌یشتمه مه‌كته‌ب سه‌ره په‌نجه‌كانی پێم، سه‌ره په‌نجه‌كانی ده‌ستم، لوتم، گوێچكه‌كانم سڕبردی ده‌بوون، هه‌ندێ جار ده‌رسیش ته‌واو ده‌بوو هێشتا ئاسایی نه‌ده‌بوومه‌وه.
ئه‌وه‌ی زیاتر ئازاری ده‌دام ئه‌و كه‌ده داره بوو، هه‌موو ئێواران به كۆمه‌ڵێك خه‌مه‌وه چاوم ده‌چوونه خه‌و، ده‌یان پرسیارم له‌به‌ر ده‌م‌دا قیت ده‌بوونه‌وه، ده‌بێ باوكم ئه‌مڕۆ داره‌كانی ورد كردبن؟ ده‌بێ به‌یانی به‌فر زۆر بێت‌و دیسان ڕێگاوبانه‌كان بگیرێن؟ ده‌بێ شه‌خته نه‌بێت‌و له ژێر قورسایی ئه‌و كه‌ده داره خلیسك نه‌به‌م‌و نه‌كه‌وم‌و شوێنێكم بریندار نه‌بێ، خۆ ئه‌و كاته له ده‌رسیش دوا ده‌كه‌وم. ئای كه ناخۆش بوو. زۆر جاران حه‌زم لێ‌بوو نه‌خۆش بم نه‌ك له ژێر ئه‌و قورساییه بێ مانایه بچم بۆ مه‌كته‌ب. باوكیشم زۆرجاران توڕه ده‌بوو ده‌یگووت، ماندوبونمان بۆ مه‌كته‌به، ئه‌وان له ئێمه زیاتر دار داده‌گیرسێنن، سه‌رباری ئه‌وه‌ش مناڵه‌كانمان ڕۆژانه سه‌رمامردی ده‌بن دارێكیان بۆ داناگیرسێنن. له‌به‌ر خۆیان به‌ریان وه‌مناڵه‌كانمان نیه. ده‌بێ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و گرفته بدۆزینه‌وه.
ڕۆژێكیان دوای ئه‌وه‌ی ده‌رس ده‌ستی پێ كرد له‌ده‌رگا درا، چیڕه‌ی ده‌رگا هات‌و فه‌ڕاشی مه‌كته‌ب ده‌ستی خوێندكارێكی گرتبوو، گووتی مامۆستا ئه‌و خوێندكاره كه‌ده داری ئه‌مڕۆی نه‌هێناوه، چی لێبكه‌م؟ ئه به‌سته‌زمانه وه‌ك باڵه‌فڕێكی سه‌ربڕاو هه‌ڵده‌په‌ڕی له‌سه‌رمان، خۆ ژووره‌كه‌شمان هێنده گه‌رم نه‌بوو، به‌ڵام هه‌موو جارێ مامۆستامان ده‌یگووت: شوكری خوا بكه‌ن ژووره‌كه‌تان به‌فری تیا نیه، ته‌ڕ نیه، باو كڕێوه نایگرێته‌وه. زۆر جارن یه‌كێك له‌و لایه هه‌ڵی ده‌دایه: ئه‌ی مامۆستا ئه‌و كه‌ده دارانه بۆچ باشن ئه‌گه‌ر بۆ سووتاندن نه‌بێ، ئه‌و‌یش ده‌یگووت: دانیشه كه‌ره زۆر مه‌ڵێ، ده‌ڵێی گورگی قسان ده‌كه‌ی. خوێندكاری به‌سته‌زمانیش دوای ئه‌وه‌ی فه‌ڕاش ده‌رچوو، به جانتای ملیه‌وه له په‌نا دیوار به وه‌ستاوی ده‌ستی هه‌ڵده‌كوشی، چاوه‌ڕێی به‌زه‌یی مامۆستای ده‌كرد پێی بڵێ ئه‌م جاره‌ش وه‌ره دانیشه به‌ڵام جارێكی تر كه‌ده دار له‌بیر نه‌كه‌ی!!
راى خوت بنووسه