بۆ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه به‌خێرهاتنیان كردووم:
زۆر زۆر سوپاسی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م, ڕه‌شان، سواره، به‌رده‌قانی، په‌ریله،ته‌وار، نه‌یستان، نه‌كه‌روز، گوڵه‌گه‌نم. خێراندار بن و ساحیب فه‌رموو بن. ئومێده‌وارم هه‌میشه چاوم به وشه‌جوان و به سووده‌كانتان ڕۆن بێت و هه‌مووشمان به‌یه‌كه‌وه كه‌م تا زۆر بتوانین گفتوگۆ بكه‌ین و یه‌كتر ده‌وڵه‌مه‌ند و به هێز بكه‌ین.
دووباره سوپاس
راى خوت بنووسه
وێستگه‌ی یه‌كه‌م
له‌وه‌تی ئاشنای خه‌ونه بچكۆڵه‌كانت بووم هه‌وڵده‌ده‌م خۆم بچوك بكه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له ناو خه‌ونه‌كانتا جێگام ببێته‌وه. سروشتی خه‌ونه‌كانت زۆر ساده‌و ساكارن، ڕه‌ش و سپین، له تاراوگه‌شدا هه‌ر به زمانی دایك ده‌دوێن، له ناو زه‌حمه‌ت و قه‌ڵه‌باڵغی شاره ئاڵۆزه‌كانی غه‌ریبیش هه‌میشه هه‌ڵده‌نیشنه سه‌ر ڕوته‌ڵان و قه‌دپاڵه زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی وڵاتی دایك. چه‌ند ڕوحت به‌رزه‌فڕ بێ ناسره‌ویت تا نه‌گه‌ڕێیته‌وه ناوئه‌و كۆڵانه پڕ له قوڕوچڵپاوانه‌ی له زه‌مانی منداڵیتا گه‌مه‌و چاوشاركانێت تێدا ده‌كرد، به بیرت دێ چه‌ند جاران دایكت گوێی ده‌گرتی و ئاوا ڕایده‌كێشا تا ده‌یبردیته‌وه ماڵێ و له‌سه‌ر سه‌رشۆكه بچۆكۆڵه‌كه‌ی ماڵه‌وه به چه‌په‌ڵۆك لێدان و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه خاوێنی ده‌كردیه‌وه. ئینجا ده‌یبردیته به‌ر سۆبه‌و ده‌یگوت بجوڵێی سه‌رت ده‌بڕم. تۆش ورده ورده ده‌به‌رخرونگه‌وه ده‌چووی و ئه‌سرینه‌كانت له‌سه‌ر كوڵمه گۆشتینه‌كانتا قه‌تیس قه‌تیس ڕێگای هه‌ڵوه‌رانیان ده‌گرت، هێنده‌ی خۆشده‌ویستی هه‌میشه له عیشقی بۆ تۆ هه‌وڵی بچوككردنه‌وه‌تی ده‌دا بۆیه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی نه‌یهێڵا گه‌وره بیت به‌قه‌د ئه‌وه‌ش خه‌ونه‌كانت به گچكه‌یی مانه‌وه. هه‌نوكه‌ش دونیای بچوكت هێنده سروشتی و ساده‌یه، هه‌رگیز ئاڵۆزی به خۆوه هه‌ڵناگرێ. بولبوله‌كانیش هێنده ناسك و ژیكه‌ڵه‌ن، له خوێندن ناكه‌ون، ناشتوانن بفرن، بۆیه ئه‌گه‌ر مرۆڤ له ڕۆیشتندا وریا نه‌بێ له ژێر پێدا پان و پڕوچ ده‌بنه‌وه. ئه‌وانیش هه‌مان سروشتی تۆیان هه‌ڵگرتووه، خه‌ون به فڕینی دوور نابینن، حه‌ز له شوێنه قه‌ڵه‌باڵغه‌كانا ناكه‌ن، سه‌ر دار توو داره به‌ن و دار به‌ڕوه‌كانیان پێ خۆش تره له‌سه‌ر دارسنۆبه‌رو ته‌لی كاره‌باو باله‌كۆنی كۆشكه به‌رزه‌كانا. ئه‌و دیمه‌نانه هه‌موویان به تۆ ئاشنان، تۆش به‌وان ئاشنای، تۆ وا ڕاهاتویت، واله قالب دراویت. به‌ڵام ئازاره‌كان یه‌خه‌ی منی نامۆ ده‌گرن، منێك كه زۆر ده‌مێكه له‌ودام و ده‌زگایه سه‌ره‌تایه‌ی تۆ شۆرام، چه‌ند دڵم به‌وێ خۆشه هێنده‌ش حه‌ز له لێده‌رچوونی ده‌كه‌م. له‌وانه‌یه خه‌تای ئه‌و باڵه گه‌ورانه‌م بێت كه له پانتاییه بچكۆڵه‌كانی ڕوح و عیشق‌و خه‌ونه‌كانتا ناتوانم بیانشه‌قێنم. له‌وانه‌شه خه‌تای ئه‌و لنگه درێژانه‌م بێت كه له ڕوبه‌ری ماڵه‌بچكۆڵه‌كه‌ی یاریتا ماوه‌ی دوه‌م هه‌نگاوم نه‌بێت. ده‌شبێ خه‌تای هزره زه‌به‌لاحه‌كان و ئاڵۆزی خه‌ونه‌كانم بێت كه له خه‌ونه ساده‌و ساكاره‌كانی تۆ ناكه‌ن، چونكه ڕه‌نگاو ڕه‌نگن، سنووره ئاڵۆزه‌كان ده‌بڕن، ده‌یان ده‌مژمێر به پێخواسیوبرسیه‌تی و پشته‌كۆڵێكی قنیات به‌ر ڕێگا بێ كۆتاییه‌كان ده‌بڕن، به به‌له‌مه شه‌ت و په‌ته چه‌پره‌كه‌كانا ده‌ریا بێ سه‌رو بنه‌كان شه‌ق ده‌كه‌ن. بزێوی و ناڕه‌حه‌تیم له ئاستێكدایه خۆم شوێن بزر ده‌كه‌م، ده‌رده‌كه‌ومه‌وه، ج جۆره جلوبه‌رگێكم زه‌رور بێ ده‌یپۆشم، هه‌ر لێم گه‌ڕێ چه‌نده نامۆم به دونیا سروشتی و جوان و هێمنه‌كه‌ی تۆ، دونیای من ئاڵۆزه ئاڵۆز، له پێناو پشودانێك ده‌بێ ده‌یان و سه‌دان جار نسكۆ ببه‌یت. بۆیه ئیتر خۆ بچوككردنه‌وه‌م بێ هوده‌یه، به‌و هه‌موو ئاڵۆزیه‌م ئیتر ناتوانم بخزێمه ناو خه‌ونه‌كانت, لێ گه‌ڕێ با نه ئاسووده‌یی تۆ تێك بچێ و نه نامۆیی منیش ئاشنا بێته‌وه. ئه‌وه قه‌ده‌ری دروست كراوی خۆمه‌و ئه‌ویش قه‌ده‌ری سرشتی تۆیه.
راى خوت بنووسه
وێستگه
شه‌وێكه ئه‌مشه‌و ده‌مێكه شه‌وی وا سه‌ر شێتم تێپه‌ڕ نه‌كردووه. له كت و پڕی تارمایی و خشپه‌ی هێمنی هاتنه‌ژووریا سه‌رم هه‌لێناو هه‌نسكی پاڕانه‌وه‌یه‌كی پڕ له حه‌سره‌تم بیر كه‌وته‌وه. ئاخۆ هاتنه‌ژوورێكی ئاساییه‌و وێستگه‌یه‌كه له ده‌یان و سه‌دان ئه‌و وێستگانه‌ی كه ڕۆژانه ده‌یان بڕم و هه‌ندێ جار سه‌رنجیان ده‌ده‌م و هه‌ندێ جاریش به ئاسپایی به ته‌نیشتیانا گوزه‌ر ده‌كه‌م؟؟؟ به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵام بده‌مه‌وه، به قورسایێكی زۆره‌وه مه‌غزاكانی ده‌خه‌مه به‌ر ئه‌ندێشه فێل لێكراوه‌كانما , ده‌لێم با ئه‌وجاره‌ش وه‌ستانێك له‌و وێستگه‌یه بكه‌م و له‌نگه‌رێكی ئارام ئارام بگرم، به‌لكو ئه‌مجاره‌یان وێستگه‌كه ئاوه‌دان ده‌بێت و شه‌مه‌نده‌فه‌ری تارمایی گه‌وره‌ییت هه‌لم ده‌گرێت و به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی پڕ له نادیاریمان ده‌مانبات و دڵۆپێك له ونبوونه‌كانمانا ده‌خاته سه‌ر ئه‌و هه‌زاران دڵۆپه ونبوانه‌ی كات و ته‌مه‌ن و هه‌ست و ناخۆشیه‌كانمان. به‌لكو ئه‌م جاره وه‌كو هه‌موو جاره‌كانی تر نیه، ئه‌م جاره چه‌ند كت و پڕه ده‌یان كت و پڕی سه‌رسوڕهێنی تریش به خۆوه ده‌گرێ و شاباله‌كانی مه‌رحه‌مه‌تی ئه‌به‌دی له‌و نیوه‌شه‌وه كت و ماته ی تاراوگه‌دا ده‌مانگرێته خۆ‌و له‌بیر هه‌موو كت‌و پریه ناخۆشه‌كانمان ده‌باته‌وه ، ده‌با ئه‌مجاره له گه‌ڵ گۆزه نخونبووه‌وه‌كه‌ی ناو ئاوی سازگاری به‌هارێكی نوێ دا بخزێینه سكی قوڵ و له بن نه‌هاتووی ئه‌مه‌ل و نوێبوونه‌وه‌یه‌ك كه سه‌ره‌تایێكی پڕ له ئۆخه‌ی له‌گه‌ڵا بێت و له دڵه ڕاوكێی وێسته‌گه‌ی هه‌ڵه ئه‌به‌دیه‌كانما ڕزگارم ده‌كات
راى خوت بنووسه
ئه‌مڕۆ ڕۆژنامه‌وانێكی هۆڵه‌ندی ده‌یگوت:
بوكێ له‌گه‌ڵ تۆمه خه‌سوو گوێت لێ بێت!
ئه‌مڕۆ (22 یانیوه‌ری 2003 ) ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌ڵه‌ندا بوو، كه ئه‌وان پێی ده‌ڵێن (ژووری دووه‌م). ڕۆژنامه‌وانێك دیدارێكی ساز كرد له‌گه‌ڵ پیره‌ژن و پیره‌مێردێك كه ته‌مه‌نیان له‌سه‌ره‌وه‌ی 80 ساڵی دا بوو، پیره‌ژن چه‌پڕه‌وو سه‌ر به پارتی كاری هۆڵه‌ندی بوو، پیاوه‌كه‌ش دیندارو ڕاستڕه‌وێكی سه‌ر به پارتی كریستیانی دیمه‌كرات بوو، ڕۆژنامه‌وان له ژنه‌كه‌ی پرسی ده‌نگت به كێ دا؟ گوتی: پێ ڤێ دێی ئا، واته پارتی كار. له پیاوه‌كه‌شی پرسی و گوتی: سێ دێی ئا، واته پارتی كریستیانی دیموكرات. ڕۆژنامه‌وان گوتی ئێوه ژن و مێردن؟ گوتیان به‌ڵێ.گوتی چه‌ند ساڵه؟ گوتیان: 56 ساڵه. ڕۆژنامه‌وان گوتی ئه‌ی ئه‌و جیاوازیه كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیتان دا نه‌بووه؟ به‌یه‌كه‌وه گوتیان: هه‌رگیز نه‌خێر، ئێمه به جیاوازیمانه‌وه جوانین.
راى خوت بنووسه
هۆ شه‌وه پڕ نه‌گبه‌ته‌كان
ئه‌و كاتانه‌ی
كێویه‌كانتان
به‌ره‌و هه‌ناوی نادیاری
هه‌ڵده‌هێنان.
ئه‌ستێره‌كان
له هه‌ژمه‌تان
بێهۆش ده‌بوون، ده‌كوژانه‌وه.
چرپه‌كان
بۆ ڕوانین ده‌میان ده‌كرده‌وه،
له خشپه‌یه‌كی بێ هوده
ده‌مرانه‌وه.
په‌پوله خه‌وتووه‌كان
له ژێر پێی كۆڕه‌وی
هه‌ناسه خه‌و زڕاوه‌كان
ده‌تلانه‌وه.
ڕازه‌كانیش
یه‌كه یه‌كه شه‌كه‌ت ده‌بوون
بۆ دوا جار ده‌بوورانه‌وه.
كۆتاییه‌كان
تاكه سواری
ئه‌و ده‌ڤه‌ره
پڕ سنووره به ترسه بوون
بێ ماندوو بوون
له پێشوازی كازیوه‌دا
ده‌مانه‌وه.
راى خوت بنووسه
فڕین
ئه‌و خزمه‌م یه‌كێك له براده‌ره هه‌ره نزیكه‌كانم بوو، هه‌میشه به یه‌كه‌وه ده‌رده‌چوین بۆ ده‌ره‌وه‌ی لادێ، له هه‌واره‌كه‌ی ئێمه یا هی ئه‌وان یاری هه‌مه‌جۆرو و چاوشێركانێمان ده‌كرد. زۆر جارانیش هه‌ردووكمان به یه‌كه‌وه ده‌چوین بۆ نۆبه‌ت گاڕان. چونكه من به چه‌ند ساڵێك له‌و به‌ته‌مه‌ن تر بووم هه‌میشه من ڕۆڵی برا گه‌وره‌و ڕێپیشانده‌ریم ده‌بینی.یه‌كێك له‌و جارانه‌ی كه یاریمان ده‌كرد, باسی ئاره‌زووه‌كانی خۆمان ده‌كرد, هه‌ردوكمان ئاره‌زوومان وابوو كه ڕۆژێك بێ بفڕین ئیتر به ته‌یاره بێ یا به‌هه‌ر ئامرازێكی تر بێت. هه‌ردووكمان به‌ڵێنمان دا به‌یه‌كتر كه زۆر بخوێنین و خۆمان ماندوو بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به ئامانجمان بگه‌ین. دوای ماوه‌یه‌ك له هه‌واره‌كه‌ی ئه‌وان یاری چاوشاركانێمان ده‌كرد، من خۆم له په‌نا به‌ردێكی ناو هێندێ داروده‌وه‌ن په‌نا دابوو، ئا له‌و ساتانه‌دا ده‌نگی فڕۆكه‌یه‌ك هات، به‌رله‌وه‌ی ئاگاداری هاوڕێكه‌م بكه‌مه‌وه بۆ گه‌ڕان به دواما، ڕه‌مبه‌ی بۆمباو تۆزوو غوباری هێزی بۆمباكه تێكه‌ڵ بوو له چاوتروكانێكا نه‌مانزانی چیڕووی دا دوای نیشتنه‌وه‌ی تۆز‌و غوبارو ڕۆیشتنی فڕۆكه ده‌ستدرێژیكه‌ره‌كان, به‌ره‌و لای هاوڕێكه‌م گه‌ڕامه‌وه، كه‌بینیم ئه‌و كه‌پره‌ی كه ناوه‌ندی چاوشێركانێمان بوو، به‌سه‌ریدا ڕوخابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه زۆر به گاڵته‌و گه‌پ بوو، به مات‌و مه‌لولی و ده‌ست له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ دانیشتبوداڵغه‌یه‌كی قوڵ له‌و ده‌ڤه‌ره دووری خستبوه‌وه. كه منیشی بینی ساغ و سه‌لامه‌تم گوتی بزانه ئه‌و به‌دفه‌ڕانه نایانه‌وێ ئێمه‌ش بفڕین، ئێمه‌ش به ئاسمانه‌كاندا گوزه‌ر بكه‌ین, ده‌بێ گوێیان له به‌ڵێنه‌كه‌ی ئێمه نه‌بووبێ؟؟؟
راى خوت بنووسه